جینۆساید، مه‌ترسیدارترین تاوانه لە زۆربەی کۆمەڵگەکانی دونیادا که ڕووبه‌ڕووی گرووپە مرۆییە جیاوازەکان ده‌بێته‌وه. له مێژوودا چه‌ندان تاوانی له‌و جۆره ئه‌نجامدراون. ئه‌م تاوانه نێودەوڵەتییە، کاریگه‌ریی ترسناکی هەمەجۆر له دوای خۆی بهجێدەھێڵێت، چونکه جیاوازی نه‌ژادی، ئیتنی، و ئاینی ده‌کاته ئامانج و هه‌وڵی له‌ناوبردنیان ده‌دات. بە گشتی پێشکەوتن نه‌بووەته ڕێگر له‌به‌رده‌م ئهنجامدەرانی جینۆساید و چه‌ندان جار دووباره بووەته‌وه. تا ئەمڕۆش لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا دەگوترێت: "نابێت دووبارە بێتەوە"، بەڵام هەمیشە دووبارە دەبێتەوە.
گه‌لی کورد وه‌کوو هەر گەلێکی داگیرکراو، به‌درێژایی مێژووی خۆی، له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته جیاوازه‌کاندا، به کۆمه‌ڵێک هۆکار و بیانووی جیاوازەوە، بڕیاری قڕکردن و جینۆسایدی لەسەر دراوه. له ئاكامیشدا، گیان و ژیان و سروشتی کوردستانی بە ئامانج گرتووە و كاریگەرییە نەرێنییەكانی تا ئەمڕۆش ماونه‌ته‌وه.
دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس و دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی نوێ له عێراق له ٢٠٠٣دا، وا چاوەڕوان ده‌کرا سه‌ره‌تایه‌ک بێت بۆ گێڕانه‌وه‌ی مافی قوربانیانی شاڵاوه‌کانی جینۆساید، بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆش ئەو کەیسانە به‌چاره‌سه‌رنه‌کراوی ماونه‌ته‌وه. گرنگی بە ڕەهەندە جیاوازەکانی نەدراوە و کاریگه‌ری و لێکه‌وته‌کانی بۆ هەموو چاودێران لەبەرچاون. بۆیه بە پێویستمان زانی، له ڕێی کۆنفرانسێکی زانستییه‌وه، ڕاستی و ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەو کەیسانە شڕۆڤە بکرێن و توێژینەوەی گونجاویان بۆ بکرێت.
له‌م سۆنگه‌یه‌شەوه، هەموو ئەو تاوانانەی کە دەرحەق بە گەلی کورد كراون، لە چوارچێوەی پرۆژه‌ی ئەو کۆنفرانسە زانستییە نێودهوڵهتییەدا، دەخەینە ژێر لێکۆڵینەوەی زانستی، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ببێته پێنگاڤێک بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفت و لێکه‌وته‌کانی هەموو تاوانە جیاوازەکان و ڕێگری‌کردن لەدووبارهبوونهوهیان.